خوێندکارانی کورد لە ئۆکرانیا داوای بەھاناوەچوون دەکەن

لڤین: دەنگی ئەمریکا

خوێندکارێکی کورد لە ئۆکرانیا لە بارەی دۆخی هاووڵاتیانی کورد و خوێندکارە کوردەکان لە ئۆکرانیا دەدوێت و داوای بەهاناچوون دەکات، ڕایدەگەیەنێت” لەم دۆخەدا هاووڵاتیانی کورد بۆ هاوکاری پەیوەندیان کرد بە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئۆکرانیا بەڵام کوردەکانی باڵیۆزخانە پێییان وتین (لە سوچێک خۆتان بشارنەوە هیچمان پێناکرێت).
لە بەرامبەردا سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکان و ڕەوەندى کوردستانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەوڵمانداوە پەیوەندی بە هاووڵاتیانی کوردەوە بکەین، بەڵام دەستمان نەکەوتن و هیچ کەس لەو هاووڵاتیە کوردانە پەیوەندییان پێوە نەکردین ئێستاش داوا لەو هاووڵاتیە کوردانە یاخود کەسوکاریان دەکەین لە کوردستان کە پەیوەندیمان پێوە بکەین ناونیشان و ژمارە تیلفۆنی کەسەکانیانمان بدەنێ لە ئۆکرانیا هەتا هاوکارییان بکەین و دوریان بخەینەوە لە ناوچە مەترسیدارەکان.

ئارا حاجی عەبدوڵا ئاماژەی بە دۆخی خوێندکارانی کورد لە ئۆکرانیا دا و وتی” دۆخی هاووڵاتیانی کورد و عێراقی و خوێندکارەکان، دۆخی خودی ئۆکرانیـیەکان و ئەجنەبیـیەکان لە دۆخێکی خراپدان، چونکە گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر هەیە، سوپای ئۆکرانیا شەڕی پارتیزانی دەکات زیاتر لە 3500 سەربازی ڕووسی کوشتووە، جگە لە زیانەکان بە فڕۆکە و تانکەکانیان، حاڵی خوێندکارە کوردەکانی ئۆکرانیاش خراپە چونکە ئەوەی توانیویەتی ڕۆیشتووە بەرەو سنوورەکان یان پەڕیوەتەوە وڵاتانی تر، من ئێستا لە سنووری پۆڵەنداوە قسەتان لەگەڵ دەکەم سەرمایەکی زۆر بەهێز هەیە. ”

” هیچ هیچییان نەکردووە بۆمان “

ئارا کە خوێندکارێکی کوردە لە ئۆکرانیا و بۆ ماستەر دەخوێنێت، ئەو لە ڕێگەی ناردنی نامەی دەنگیـیەوە وەڵامی پرسیارەکانی دەنگی ئەمەریکای دایەوە، چونکە خۆی وتی ” لە ڕێگان لە سنووری پۆڵەندا هێڵەکانی پەیوەندیکردن زۆر خراپن، وتیشی ” ژمارەی کوردەکان و عێراقیەکان زۆر زۆرن لە ئۆکرانیا. ”

سەبارەت بەوەی ئایا حکومەتی عێراقی و هەرێم هیچیان کردووە بۆ پاراستنی هاووڵاتییەکانیان؟

ئارا حاجی وتی” حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێم لە گەنجەکانی خۆمان بێزارن دەیانەوێت لە ئاوی ئیجەدا بخنکێن، چاوەڕێی ئەوە نین ئەوانەی هاتوون بۆ ئۆکرانیا زانست فێربن و بڕوانامەی بەرز بەدەست بهێنن هەتا هیچمان بۆ بکەن، هیچ هیچییان نەکردووە بۆمان. ”

“بۆچی پێش جەنگەکە خوێندکارەکان ئۆکرانیان بەجێهێشت”

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی هاوڵاتیانی عێراق و کورد بە تایبەت خوێندکارەکان ئۆکرانیان جێنەهێشت کە هۆشداری دەدرا لە هەڵگیرسانی جەنگ؟

ئارا وتی” چونکە لێرە ژیان ئاسایی بوو، دەوام هەبوو ڕۆژێک پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە زانکۆکان هەبوون ، ژیان ئاسایی بوو، ئەو دەنگۆیانەی هەڵگیرسانی جەنگیش وەک پڕوپاگەندەیەک سەیر دەکران کە بەردەوام ئەو گرفتە لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا هەبووە، ئەوەی پێشتر فریا کەتووە بە ڕێگای فڕۆکە گەڕاوەتەوە، ئەوەشی فریا نەکەوتووە ئیتر دەسەڵات نیـیە.”

دەربارەی ئەوەی ئایا هیچ هاوڵاتیەکی کورد و عێراقی بوونەتە قوربانی لەو جەنگە تا ئێستا؟

ئارا وتی” ئەوەندەی تا ئێستا ئاگاداربم خوێندکارێکی کورد مردووە، خوێندکارێکی تریش قاچی لەدەستداوە کە هەردووکیان کوردی خۆمانن. ”

ئارا حاجی باسی لە دۆخ و گوزەرانیان کرد لە ڕووی خۆراکەوە وتی”لێرە کۆمەڵێک ڕێکخراوی خێرخوازی هەن کە خۆراک دەهێنن بۆ خەڵکەکە، وە خەڵکی گوندەکانیش هەر خۆراک دەهێنن، سندوقێک دانراوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری ماددی بۆ سەربازانی ئۆکرانی بەو شێوەیە خوێندکارانی کورد دەتوانن خۆراک پەیدا بکەن یان شتێکی کەمی لەگەڵ خۆی هێنابێت یاخود کڕیبێت لەوە زیاتر نیـیە.”

” هەر کوردەکانی خۆمان بەو دەقە جوابیان داونەتەوە کە (لە سوچێک خۆتان بشارنەوە هیچمان پێناکرێت”

سەبارەت بەوەی ئایا لە ئێستادا هیچ لە حکومەتی عێراق و هەرێم پەیوەندییان پێوە کردوون؟

لە وەڵامدا ئەو خوێندکارە کوردە (ئارا حاجی) وتی” لە سەرەتای گرژییەکان د. دانەر نوێنەری حکومەتی هەرێم پەیوەندی پێوە کردین، هەندێک بەرچاو ڕوونی پێداین تەنها ئەوەندە بووە هەتا شەڕەکە دەستپێکرد هیچ لایەنێکی تر پەیوەندی بە ئێمەوە نەکردووە تەنانەت چەند خوێندکارێک پەیوەندییان بە کونسڵخانەی عێراقیەوە کردووە هەر کوردەکانی خۆمان بەو دەقە جوابیان داونەتەوە کە (لە سوچێک خۆتان بشارنەوە هیچمان پێناکرێت) ئەوە وەڵامی کونسڵی عێراقی بووە بۆ کوردانی ئۆکرانیا. ”

وتیشی”مانەوە لە ناو ئۆکرانیا موجازەفەیەکی گەورەیە بە ژیانی خۆتەوە، ئەوەی کە ماوەتەوە بەداخەوە خەڵکێکی زۆر گیانی لە دەستداوە، خەڵکێکی زۆریش ماڵەکانیان جێهێشتووە پەنایان بردۆتە بەر سنوورەکان بۆ ئەوەی بۆ شوێنێکی سەلامەت بپەڕنەوە، هەر لەم سنوورەی منی لێم نزیکەی نیو ملیۆن کەسی لێیە، جگە لە سنوورەکانی تری ڕۆمانیا و سلۆڤاکیا و دەروازە سنوورییەکانی تر کە خەڵک پەنای بۆ بردوون. ”

ئارا حاجی ئەوەشی وت”بەداخەوە ئەگەر شتێک بکرایە دەبوو پێشتر بیانکردایە بۆ ئەم خوێندکارە کوردانەی ئێرە، نەک هاوزمانەکانی خۆمان لە کونسڵخانەی عێراق بە خوێندکارە کوردەکان بڵێن لە سوچێک خۆتان بشارنەوە، بەڵام بۆ خۆیان شتیان پێبکرێت و خۆیان ڕزگار بکەن، بۆیە حکومەتی عێراقی و هەرێم پێویستە شتێک بۆ ئەو خوێندکار و کوردانە بکەن کە هەتا ئێستاش لەناو ئەو شارانەی ئۆکرانیادا ماون کە سەلامەتن هەوڵبدەن بیانگەڕێننەوە و بیانپارێزن، بە هیوای سەلامەتیم بۆ هەموو لایەک. ”
” ئومێد دەکەم لە ڕێگای ئەم دەنگەمەوە لە دەنگی ئەمەریکا پەیامی من بگات”

لە بەرامبەردا سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکان و ڕەوەندى کوردستانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان د. ڕێبوار بابکەیی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی “سەرەتا هیوای سەلامەتی بۆ قوتابیان و هاووڵاتیانی کوردی ئۆکرانیا دەخوازم هیوادارم بەدوربن لە زیانەکانی ئەو جەنگە، بۆ ئەوەی وەک لیژنەکەمان چیمان بۆ کردوون، تا ئەم ساتەی قسەی تێدا دەکەم هیچ هاووڵاتیەکی کورد لە هیچ توێژێکی دانیشتووی ئۆکرانیا پەیوەندی پێوە نەکردوین هەتا بتوانین بە ڕێگایەک لە ڕێگاکان هاوکارییان بکەین، من خۆم لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی هەوڵم دا کە ڕێگای پەیوەندیکردنی ئەو کەسانەم دەستبکەوێت کە هاووڵاتی ئێمەن لە ناو ئۆکرانیان، گەڕام تەنانەت لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وە هەم لە ڕێگای دامودەزگاکانی خۆمان هەوڵم دا پەیوەندیمان پێوە بکەن بەداخەوە دەستم‌نەکەوتن و بێ ئەنجام بوون، ئومێد دەکەم لە ڕێگای ئەم دەنگەمەوە لە دەنگی ئەمەریکا پەیامی من بگات کە کەسێک هەبێت لە ئۆکرانیا نوێنەرایەتی خەڵکی ئێمە بکات لەوێ یان تەنانەت لەسەر ئاستی تاکیش بێت پەیوەندیمان پێوە بکەن تا ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆیان بکەن، چونکە بەپێی زانیارییەکانی ئێمە لە ماوەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند ” بڕیاری داوە بە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی عێراق لە ئۆکرانیا کە ئەو هاوڵاتیانە بێگومان کوردیش عێراقیە، لە لایەکی تر ئاستەنگێکی تر هەیە ئەویش ئەوەیە حکومەتی هەرێم هەتا ئێستا نوێنەرایەتی نیـیە لەناو ئۆکرانیا بەڵکو ئەوەی هەیە لەناو پۆڵۆنیا نوێنەرایەتی هەیە، بەڵام هەرچۆنێک بێت هیوادارین هاوڵاتیانی ئێمە لە ڕێگای ئەم پەیامەوە پەیوەندی بە ئێمەوە بکەن تا بتوانین لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەماهەنگ بین بۆ ئەوەی کارێک بۆ هاووڵاتیانی خۆمان بکرێت هەرچی لە توانادا بوو بۆ پاراستن و دورخستنەوەیان لە شوێنی مەترسیدار. ”

” کوردەکانی ئۆکرانیا چۆن دەتوانن داوای هاوکاری لە هەرێمی کوردستان بکەن؟”

د. ڕێبوار بابکەیی وتیشی ” زۆر بەداخەوە ئەم قسانەی ئێستا دەیکەین لە کاتێکدایە کە جەنگ گەیشتۆتە ترۆپک و مەترسییەکان هێدی هێدی زیاتر دەبن لەسەر هاووڵاتیانی ئۆکرانیا و هاووڵاتیانی ئێمەش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا (موستەحیل نیـیە کە ئەو هاووڵاتیە کوردانە نزیک بکرێنەوە لە سنوورەکانی لیتوانیا و وڵاتانی سنووری بە تایبەت پۆڵەندا کە نوێنەرایەتی ئێمە لەوێ هەیە ، یان لە ڕێی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە ئەوەندەی بوار مابێت بتوانرێت فڕۆکە بۆ ئەو خوێندکار و هاوڵاتیانەی ئێمە دابین بکرێت جا چ لەناو کیێڤ یاخود لەسەر سنوورەکان، بەڵام دەبێت ئامانجی سەرەکی پاراستنی ئاسایشی ئەو هاوڵاتیانە ئامانجی سەرەکییان بێت. ”

بابکەیی جەختی لەوە کردەوە “چ پێش دەستپێکردنی جەنگەکە چ هەتا ئەم ساتە هیچ خوێندکارێک و هاووڵاتیەکی کورد لە ئۆکرانیا پەیوەندی پێوە نەکردوین داوای هاوکاری بکات نە بە پەرلەمان نە بە لیژنەکەمان، یاخود من وەک سەرۆکی لیژنە لە کاتێکدا پەیوەندیکردن چ بە ئێمە چ بە پەرلەمانەوە ئاسانە و ژمارەکانمان دیارە ئیتر نازانین هۆکارەکەی چیە پەیوەندییان نەکردووە! سەرقاڵییان بووە بە دۆخی خۆیان یان بیرییان لەوە نەکردۆتەوە کە پەیوەندی بە ئێمەوە بکەن، چونکە ئێمە لیژنەی پەیوەندیدارین لەسەر ئەو کەیسانە(کوردەکانی ئۆکرانیا).”

” ئەوەی هەیە دەزانین بە سەدان قوتابی کورد لە ئۆکرانیا دەخوێنن و لەوێن لە ئێستادا”

سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکان و ڕەوەندى کوردستانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتیشی ” لە ئێستاشدا چ خوێندکاران وە چ هەر هاوڵاتیـیەکی کورد یان کەسوکارەکانیان لە کوردستان دەتوانن پەیوەندی بە خۆم وەک سەرۆکی لیژنە یان لیژنەکەمان دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن ژمارە و ئەدرەسی ئەو کەسەمان بدەنێ کە لە کوێی (چ شارێکی) ئۆکرانیایە هەتا ئێمەش لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە بیاندۆزینەوە و ڕێگای هاوکاریکردن و پاراستنیان بگرینەبەر کە لانی کەم دوورخستنەوەیانە لە مەترسی. ”

دەربارەی ژمارەی خوێندکاران و قوتابیان یان هاووڵاتیانی کورد لە ئۆکرانیا، د. ڕێبوار بابکەیی وتی ” ژمارەی قوتابیان دەبێت لای وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم هەبێت، ژمارەی هاووڵاتیانی تریش ڕەنگە لە فڕۆکەخانەکان هەبن، بەڵام ئێمە ئامارێکی وردمان لەبەردەست نیـیە، ئەوەی هەیە دەزانین بە سەدان قوتابی کورد لە ئۆکرانیا دەخوێنن و لەوێن لە ئێستادا، بەڵام هاووڵاتیانی تر ئامارەکانیان نازانین. “



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button